Movatterモバイル変換


[0]ホーム

URL:


بۆ ناوەڕۆک بازبدە
ویکیپیدیائینسایکڵۆپیدیای ئازاد
گەڕان

کاتەگۆری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کاتەگۆری
لقیشتی دەرھەست
بەشێکە لەئۆنتۆلۆجی
لێکۆڵینەوە لەلایەنلۆژیک،واتاناسی،مێتافیزیک

لەئۆنتۆلۆجیدا،کاتەگۆرییەکان یانوتەزاکان[١] بەرزترینجنسەکان لە زنجیرەی جنسەکانن،[٢] کەوایە، بە بنچینەییترین و بنەڕەتیترین تێگەیشتەکان دەژمێردرێن. لێکۆڵین و چوون بە دوای کاتەگۆرییەکاندا بە مانای دەسنیشانکردنی بناخەییترین و بەربڵاوترین پۆلەکانی شتەکانە.[٣] بۆ ئەم مەبەستە، دەبێ بۆ ھەر کاتەگۆرییەک ئەوەی کە بەجیاوازیی ئۆنتۆلۆجیک ناسراوە دیاری بکرێ. لەئەرەستوو بەم لاوە، گەلێ سیستمی جۆراوجۆری کاتەگۆری پێشنیار کراوە، لە زۆربەشیاندا کاتەگۆریگەلێک بۆجەوھەر وعەرەز وپەیوەندی و بارودۆخ و پێشھات بەدی دەکرێن.[٤]

ئەرەستوو

[دەستکاری]

یەکێ لە ھۆگرەتییەکانیئەرەستوو سەرنجدان بە چۆنیەتیی دابەشبوونی دنیای سروشت بە سەر پۆلە جیاجیاکاندا بوو. بۆ وێنە، چۆن لە پۆلێ وەک «گیانلەبەران»، ئەوەڵ، پۆلی «گیانلەبەرە دووپاکان» و، بە دوای ئەوە، پۆلی «گیانلەبەرە دووپا بێباڵەکان»، جیا دەبێتەوە.[٥]ئەو پەی بەوە بردبوو کە پۆلەکان بەپێی چۆنایەتیگەلێک کە گیانلەبەرەکە ھەیەتی، وەک ژمارەی پاکانی و شێوەی ڕێگەچوونی، لە یەکتر جیا دەکرێنەوە. ئەرەستوو لەکتێبەکەیدا دەڵێ ھەر قسەیەک کە لە بارەی بابەتێکەوە بوترێ و ھەر سیفەت و تایبەتمەندییەک کە شیاوی ئەوە بێبدرێتە پاڵی، دەچێتە ناو یەکێ لە دە پۆلی جیاوازەوە کە «دە کاتەگۆری» یا «دە وتەزا» یا «مەقوولاتی عەشر» -یان پێ دەوترێ:

«... ھەر یەک یان نیشانەی جەوھەرن یان چەندایەتی یان چۆنایەتی یان پەیوەندی یان لە جێگایەکدا بوون یان لە کاتێکدا بوون یان لە بارێکدا بوون یان دارا بوون یان کارێک کردن یان کارێک لەسەر کران»

ھەروا کە لەم بەندەوە دیارە، دە کاتەگۆرییەکەی ئەرەستوو بریتین لە:[٦]

  • جەوھەر، وەک ئەم ئەسپە، ئەم پیاوە
  • چەندایەتی، کە یان تەنراوە وەک سێ ڕۆژ، یان پساوە وەک سێ کوڵۆ قەند
  • چۆنایەتی، وەک سپی، ڕەش، داخ، شیرین، ڕاست، چەماو
  • پەیوەندی، وەک نیوە، دوو ھێندە، گەورەتر
  • جێ، وەک لە بازاڕێکدا
  • کات، وەک دوێنێ، پارەکە
  • بار، وەک دانیشتوو، وەستاو، پاڵکەوتوو
  • خاوەنایەتی، وەک پێڵاو لە پێ، چەکدار
  • کردن، وەک تیر ھاویشتن، فێنکەوکردن، گڕدان
  • کران، وەک ھاویژران، فێنک بوونەوە، گڕگرتن

بۆ نموونە، لە بابەت بەچکەپشیلەکەی پوورە ئامینەوە، کە خۆیجەوھەرێکە، دەتوانرێ ئەمانە بوترێ: دوو کیلۆیە (چەندێتی) و مێیە (چۆنێتی) و ھیی پوورەیە (پەیوەندی) و سەعاتی ۹ی بەیانی (کات) لە پاڵ کوانووەکە (جێ) بە کزکۆڵەیی (بار) و بە سکێکی پڕەوە (خاوەنایەتی) خەوتووە (کردن) یا خەوێنراوە (کران).[٧]

کانت

[دەستکاری]
وتاری سەرەکی:کاتەگۆری (کانت)

لە سەردەمی مۆدێرنداکانت یەکێ لەو خاوەن ھزرانەیە جیاوازتر کاری لەسەر کاتەگۆرییەکان کردووە. ئەو لە کتێبی یەکەمی خۆیا،ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی، کاتەگۆرییەکان بۆ دامەزراندنیزانین لە بابەتدیاردەکانەوە (نەکواقیعی پشتەوەیان) بە بنەڕەتی دادەنێ. جیاوازییەکی گرنگ ھەیە لە نێوان کاتەگۆرییەکانی ئەرەستوو و کاتەگۆرییەکانی کانتدا. کاتەگۆرییەکانی کانت لە نێوتێگەیشتندان و سەر بەسووژەن.تێگەیشتەی پەتین (مەبەست لە «پەتی» ئەوەیە لەگەڵ داتای ھەستەکیدا ئاوێتە نەبووگن) و ھیچ پەیوەندییەکیان بە جیھانی دەرەوە نییە. پەیوەندییەکەیان بە جیھانی دەرەوە لەوێدا دروست دەبێ کە بمانەوێ لەئۆبژەیەک تێبگەین. لەو کاتەدا، یەک یا چەند کاتەگۆریی نێو تێگەیشتنمان دەخەینە سەر ئۆبژەکە، یا ئۆبژەکە بۆ ژێر ئەو کاتەگۆرییانە ڕادەماڵین تا بە سەریدا بیانسەپێنین و لە ئۆبژەکە تێبگەین.[٨]

ھێگڵ

[دەستکاری]

بۆ کانت، کاتەگۆرییەکان قاڵبەکانی زەین بوون لە باسی ماریفەتی مرۆڤدا. بەڵام، بۆھێگڵ، کاتەگۆرییەکان بنەواشەگەلێک بوون کە زاتی جیھانیانڕوون دەکردەوە. ھێگڵ دەیویست ئەوە دیاری بکا کە جیھان لە چ کاتەگۆریگەلێک پێک ھاتووە. لەو باوەڕەشدا بوو کە جگە لەدوازدە کاتەگۆرییەکەی کانت، گەلێکی تریش کاتەگۆری ھەیە و، ئەو ئەرکی سەر شانیەتی دانە بە دانەیان دەسنیشان بکا و ڕایان بنێ و بە شێوەی لۆژیکیلە یەکتریان دەربێنێ. لە بەرھەمەکانی ھێگڵدا کاتەگۆرییەکان بوونەوە بە ھەبووگەلیئۆبژەیی و عەینیی سەربەخۆ و ئازاد لەزەینییەتی تاکەکان (وەکووئیدیاکانی ئەفلاتوون). ئەو بەڵگانەش کە بۆ سەلماندنی ئۆبژەییبوون و عەینییەتی کاتەگۆرییەکان دەیھێنایەوە ھەمان بوون کە ئەفلاتوون بۆ سەلماندنی ئۆبژەییبوونی ئیدیاکان و تێکڕایییەکان دەیھێنایەوە. بۆ ھەر شتێ کە بە واقیع ھەیە، باش بڕوانین، بۆ نموونە بۆ لەتە بەردێ، دەبینین کە ھیچ نییە بێجگە کۆمەڵێتێکڕایی، یانی سپێتی و خرتی و ڕەقی و لەمانە. گشت ئەمانە تێکڕایین، کەوایە حاشاکردنی ئۆبژەییبوونی تێکڕایییەکان حاشاکردنی ئۆبژەییبوونی بەردەکەیە.[٩]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «وتەزا»، یانی ئەوەی لە «وتە»وە دەردەچێ، لە ھەندێ فەرھەنگدا بەرامبەر بە «مقولة» -ی عەرەبی و «category» -ی ئینگلیزی بە کار ھاتووە. بۆ وێنە، فەرھەنگی زاراوەی ئەدەبیی نووسراوی بەختیار سەجادی و محەممەد مەحموودی کە ساڵی ۲۰۰۲ لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ بووە.
  2. Thomasson، Amie (٢٠١٩)، Zalta، Edward N. (ed.)،«Categories»،The Stanford Encyclopedia of Philosophy (چاپی Summer 2019)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٢ ھێنراوە
  3. Mcdaniel، Kris.«A Return to the Analogy of Being: A RETURN TO THE ANALOGY OF BEING».Philosophy and Phenomenological Research (بە ئینگلیزی).٨١ (3): ٦٨٨–٧١٧.doi:١٠.١١١١/j.١٩٣٣-١٥٩٢.٢٠١٠.٠٠٣٧٨.x.
  4. Borchert، Donald (٢٠٠٦). «Ontology».Macmillan Encyclopedia of Philosophy, 2nd Edition. Macmillan.
  5. AristotleMetaphysics 1075a
  6. «The Project Gutenberg E-text of The Categories, by Aristotle».www.gutenberg.org. لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
  7. Woodfin، Rupert؛ Groves، Judy (٢٠٠٦).Introducing Aristotle. لەلایەن فیروزکوھی، محمد وەرگێڕدراوە.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  8. کەمال، محەمەد (٢٠١٦).لۆجیکی ھیگڵ. سلێمانی: ناوەندی چاپ و پەخشی سەردەم. لاپەڕە ٩٠-٩١.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  9. ستیس، و.ت. (١٤٠٢).فلسفە ھگل (بە فارسی). لەلایەن عنایت، حمید وەرگێڕدراوە. تھران: امیر کبیر. لاپەڕە ۱۲۳.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
وەرگیراو لە «https://ckb.wikipedia.org/w/index.php?title=کاتەگۆری&oldid=1443887»
پۆلەکان:
پۆلە شاردراوەکان:

[8]ページ先頭

©2009-2025 Movatter.jp