Movatterモバイル変換


[0]ホーム

URL:


بۆ ناوەڕۆک بازبدە
ویکیپیدیائینسایکڵۆپیدیای ئازاد
گەڕان

بیرۆکراسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بەخاوێنکردن ھەبێت تا بگات بەشێوازی ستانداردی نووسین. ھیچھۆکارێک بۆ خاوێنکردن دیاری نەکراوە. تکایە یارمەتی بدەن بۆباشترکردنی ئەم وتارە.

بیرۆکراسی یاندیوانسالاری (بەئینگلیزی:Bureaucracy) یانکارگێڕیی بیرۆکراتی (بەئینگلیزی:Bureaucratic Management) ڕستەیەکە لە ھونەری سازمانگەری و بەرھەمی فەیلەسووفی ئەلمانیماکس ڤێبەرە.

دەسەڵات، ڕەوایەتی و سالاری

[دەستکاری]

بە دیدی ڤێبەر پەیوەندیی سێ چەمکێ «دەسەڵات» Power، «ڕەوایەتی» Legitimacy و «سالاری» Authority بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوە:[١]

- «دەسەڵات» ئەوەیە کەسانی دیکە بکاتە ژێردەستەی خۆی، سەرۆکی دەسەڵاتدار فەرمان دەگرێتە دەست و خەڵکی دیکە ناچاری گوێڕایەڵی دەکات.

- «ڕەوایەتی» - خەڵک دەسەڵاتی کەسانی دیکە بسەلمێنن و ڕەوایەتی پێ ببەخشن.

- «سالاری» ئاوێزان و ھەڵکردنی ئەو دوو چەمەکەیە، دەکاتە فەرمانڕەوایی ڕەوا، واتە ڕێبەری سالار ئەوەیە خەڵک بە ویستی خۆیان، سەرداریی لێ بسەلمێنن.

سالاری

[دەستکاری]

«سالاری» بە دیدی ڤێبەر، سێ جۆر و سەرچاوەی ھەیە:[٢]

  1. «سالاریی کەسەکی» Charismatic Authority - بۆ نموونە بنەماڵە و دین خەرمانەیەکی گەش لە دەوری کەسێک یان دەستەیەک دەکێشن و دەیانکەنە کەسایەتیی خاوەن کاریزما، دەیانکەنە قارەمان، پیرۆز و دەسەڵاتی پێ دەبەخشن.
  2. «سالاریی نەرێتی» Traditional Authority - پەیوەندیی نەرێتی، بۆ نموونە بنەماڵە، شێخایەتی، خێڵایەتی، دەرەبەگایەتی و تیرە. لێرەدا سەرۆکایەتی بە میرات لە باوکەوە بۆ کوڕ و خێزان دەمێنێتەوە. مەرجی دەسەڵات و پێگە بریتییە لە ھۆگری (وەلاء) و ملکەچی بۆسەرۆکی فەرماندە، نەک توانا و ژێھاتی.
  3. «سالاریی ھۆشەکی - دەستووری» Rational-Legal Authority - سالاریی بیرۆکراسی و ڕەوا، لێرەدا دەستوور و ڕێسا مەرجن نەک خزمایەتی و تیرەگەری. پێگەی سەرکار و بەڕێوەبەر بەپێی ڕێوڕەسمی فەرمی دیاری دەکرێ. پێگە، پێوەر و ڕێسای بیرۆکراتانەی خۆی ھەیە، ئارەزوومەندانە و خاترانە نییە.

سالاریی دەستووری

[دەستکاری]

بە بۆچوونی ڤێبەر، تەنھا «سالاریی دەستووری» یە بەکەڵکی سازمانی ئاڵۆزی سەردەم بێ چونکە سیستەمێکی ھۆشەکییە، توانا، کارزانی و ڕێسای ڕوون و ئاشکرا بڕیاردەرن نەک پەیوەندیی خێڵ و بنەماڵە. جۆرەکانی دیکە، لەبەر ئەوەی ھۆشەکی نین، بەدەم کاتەوە نامێنن. سازمانی بیرۆکراسی دوو لایەنی گرینگی ھەیە:

  • بڕیار لێرەدا نێوەندگیرە و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێسای ڕوون دەردەچێت
  • پیادە کردنی ئەو بڕیارە لەسەر دەستی کارمەندی کارزان و توانا و بێلایەن دەبێت نەک بەرژەوەندی، خواست و ئارەزووی ئەم و ئەو.

بەم جۆرە مرۆڤ دەتوانێ ڕەوایەتی، دادپەروەری و یەکسانیی ھەموان لە ئاست دەستووردا دەستەبەر بکات. تاڕادەیەک ڕێ لە بڕیار و پیادەکاریی ئارەزوومەندانە بگرێت. لەم سیستەمەدا ھەڵسوکەوتی فەرمانگە لای میللەت ڕوون و ئاشکرایە: دۆخی وێکچوو بە شێوەیەکی ھاوجۆر ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.

ماکس ڤێبەر چەمکی «بیرۆکراسی» Bureaucracy دەبەستێیەوە بە ڕەوتی گەشە و پێشڤەچوونی جڤاکیی ڕۆژاواوە. ھەم بیرۆکراسی و ھەم سیستەمی سەرمایەدارەتی (کاپیتالیزم) Capitalism ڕوانگەی ھۆشەکی دەکەنە بنەما، نەک نەرێت و شکۆمەندی.

تۆژینەوەی (Byråkratins tidsålder (2006 دەڵێ بنەما و ڕێساکانی «سازمانی بیرۆکراسی»[٣] بە دیدی ڤێبەر بریتین لە:

  1. ڕێسای ڕوون و ئاشکرا دەربارەی دابەشین و پیادە کردنی دەسەڵات، کۆنترۆڵ و بەرپرسایەتی، ڕێسا و ڕۆتینی ئاشکرا و گشتی بۆ ڕزگاربوون لە پینە کردن و لە دۆزینەوەی چارەسەری تایبەت بۆ کێشەی تایبەت. بڕیار دەبێ قانوون و ڕێسای ڕوونی لە پشت بێت، فەرمانگەی جێبەجێکار دەبێ دەستووربەند بێت، دیاری کردنی کارمەند دەبێ بە پێوەری کارزانی و توانا بێ، ئەوجا تێکبەستنی ئەو سێ لایەنە: پیادە کردنی بڕیاری دەستووری، لە فەرمانگەی دەستووریدا لەلایەن کارمەندی تواناوە، دەبێتە دەستەبەری کاری ڕەوا.
  2. سازمان دەبێ «ھەرەمکار» بێت - سنووری نێوان پێگەی جیاواز دەبێ ڕوون بن. دەسەڵات لە دوندنی ھەرەمەوە بەرەژێر دەبێتەوە و پلەبەپلە کەم دەبێتەوە، لە دەسەڵاتی ھەرەمکاردا، بەرپرسایەتی ڕوونە، دابەشینی کار دیاریکراوە و ھەروەھا ھەلومەرجیان ئاشکرایە.
  3. پەیوەندی لە نێو سازماندا دەبێ «فەرمی» بێت نەک «کەسەکی». پەیوەندیی نافەرمی، دۆستایەتی، سەربە فڵانە کەس و لایەن، ڕەوا نییە. کارمەند نابێ پێگەی خۆی بۆ دەسەڵاتبازی بەکار بێنێ. سەرکار دەسەڵاتی لێپرسینەوەی ھەیە بەرامبەر ڕێساشکێنی و سنووربەزێنیی ھاوکاران.
  4. کار پێویستی بە فێربوون و خوێندن ھەیە، پێویستی بە فێرگە و زانکۆ ھەیە. پێگەی کارمەند ھەتا بەرزتر بێ، مەرجی زانینی بەرزتر دەبێتەوە. لە جڤات و سازمانی ھاوچەرخدا پیشەوەری سەنگی ھەیە. نابێت مەرجی زانین لە وەرگرتنی پێگەدا پێشێل بکرێت و پێگە بدرێتە کەسی ناشایەستە لەبەر ئەوەی کەس و دۆستی بابای دەسەڵاتدارە. پێوەرشکێنی و سنووربەزێنی دەبێتە مایەی داڕمانی پێگە و پووکانەوەی کەسایەتیی خاوەن پێگە.
  5. ئەرکی کارمەندایەتی پێویستی بە کاتە. ھەتا جڤات و سازمان ھەڵکشاوتر بێت، تەرخان کردنی کاتی کاری ڕۆژانە بەرچاوترە. کارمەند لە جڤاتی ھاوچەرخدا ڕۆژانە کاتی تەواو کار دەکات. لە جڤات و سازمانی بێسەروبەری دواکەوتوودا کاتی کار بێسەنگە، مرۆڤی کارمەند تەنھا بۆ مووچە وەرگرتن ڕۆژانە چەند کاژێرێک بێپەروا خۆی خەریک دەکات، گەر بۆیشی بلوێت ئەوا دەبێتە کارمەندی «بندیوار» - واتە کارمەندی مووچەخۆری نەکردە.
  6. ھەموو بڕیارێک دەبێ نووسراو بێ - لێکدانەوە و پیادە کردنی ڕێسا و بڕیارگەلی نێو سازمان پێویستی بە دۆکیومێنتی نووسراو ھەیە، بە گفتوگۆی زارەکی چێ نابێ. پرۆتۆکۆل و ئاواڵەیی دروستە نەک پسکەپسکی لابەلا و ژێربەژێر. دیاردەی چرپەچرپی داپۆشراو باشتر لەتەک ستەمکار و بەدکاریدا یەکانگیرە کە پێویستی بە درۆ و فریودانە، لەگەڵ سازمانگەریی ئاواڵەی دەستووربەنددا ڕێک ناکەوێت.

جڤات و سازمان زۆرن نەرێتی دیکە دەیانچەرخێنی بە پێچەوانەی ئەم شەش خاڵەی سەرەوە، ئەنجامەکەشی دیارە. جڤاتێک لە بری بڕیاری ڕوون، بنگەی دەستووری و کارمەندی زانا، لە بری پێوەری پیشەوەرانە و مەرجی زانستی، لە بری تەرخان کردنی کات و دیاری کردنی ئەرک، لە بری فەرمیبوون و تۆماری نووسراو، جڵەوی خۆی بداتە دەست:

  • سەرۆکایەتیی دەستووربەزێن و ئارەزووکار
  • پاوان کردنی پێگە و دامودەزگە بۆ خزمان
  • ھەڵبژاردنی کارمەندی ملکەچ و دەستەمۆ
  • ھۆگریی بۆ ئەموئەو بکرێتە پێوەر، حیزبایەتی لەبری کارامەیی
  • فرەکوێخایەتی لەبری ساختاری ڕوون
  • پێگە و فەرمانگەی بێ ناوەڕۆک، فەرمانڕەوایی ساختە و… ھتد

جڤات و سازمانی وەھا تەنھا پاشاگەردانیی لێ بەرھەم دێت.

ڕەخنە

[دەستکاری]

بەدەم کاتەوە «سازمانی بیرۆکراسی» و دەرئەنجامەکانی کاری ئەو جۆرە سازمانە سەرنجی تۆژەر و زانایانی ڕاکێشا. دید و ڕوانگەی جیاواز لەم بوارەدا گەشەیان کرد. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە گۆڕانکاریی جڤاکی و زانستی ئەوەندە تیژڕەو ھاتە کایەوە، سازمانی بیرۆکراسی لە ھەموو بارێکدا تەواو دەروەست نەدەھات. وردە وردە سازمانگەریش کەوتە گەڕان بەدوای فۆرم و شێوازی کاریگەرتردا بۆ وەڵامدانەوەی ڕکابەری و ھەڵکردن لەگەڵ دەوروبەردا.

لەم ڕوانگەیەوە تۆژەران چەند لایەن و خاڵی نایەتییان لە سازمانی بیرۆکراتانەدا دیاری کرد، بۆ نموونە:[٤]

- تایبەتکاریی لەڕادەبەدەر - تایبەتکاری گەر لە سنووری خۆی دەرچێت دەگاتە ئاستێک کارمەند تەنھا کاری خۆی دەزانێت و سەردەری لە کاروباری گشتیی سازمان ناکات

_ ناوچەگەری - ناکۆکی لە نێوان بەشەسازمان و بەشەکاری جیاوازدا زیاد دەکات

- ھەڵکشانی ناکۆکی بەرەو سەرۆکایەتیی سازمان - کێشە و ناکۆکیی نێوخۆی بەش و فەرمانگەکانی نێو سازمان ناتوانن چارەی کێشەی خۆیان بکەن، ڕوو لەسەرۆکایەتی دەنێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر

- دەستاوێژ دەبێتە ئامانج - ڕێسا و کارنامە ئەوەندە گرینگ دەبن و بەھەند دەگیرێن، جێگەی ئامانج دەگرنەوە

- مرۆڤ دەبێتە ماشین - ئەمەش دژی سروشتی مرۆڤە. لەبەر ئەوە بەدەم کاتەوە دەگاتە ڕادەی نەخۆشی و نامۆبوون و مانگرتن

- کۆنەوارەتیی پشتەو گۆڕان - ساختاری ڕەق و شێوەبەستوو دەبێتە ھۆی کۆنەوارەتی Conservatism. سازمانی وەھا دەروەستی گۆڕانکاریی تیژڕەو نایەت. تووشی داوەستان Stagnation دەبێت.

بە ڕەچاو گرتنی کەماسی و کێشەی لەم بابەتە، تۆژینەوە و شرۆڤەکاریی لە بواری سازمانناسیدا بەردوام بوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێشخستنی ھونەری سازمانگەری.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]

سازمانگەری، ئاسۆس شەفیق - کوردستان ٢٠١١

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Andersson, Curt. Organisationsteori. Studentlitteratur, 1994.
  2. Weber, Max. Vetenskap och politik. Översättning: Aino och Sten Andersson. Korpen 1977. : 42
  3. Lundgren, Edvard. Byråkratins tidsålder - Byråkratisering och fredsprocesser i den westfaliska världsordningen. Luleå tekniska universitet.2006: 19-20.
  4. Bruzelius, Lars H. & Skärvad, Per-Hugo. Integrerad organisationslära. Studentlitteratur 2011: 52.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]

Bureaucratic Form According to Max Weber

ویکیمیدیا کامنز میدیای پەیوەندیداری بەبیرۆکراسی تێدایە.
وەرگیراو لە «https://ckb.wikipedia.org/w/index.php?title=بیرۆکراسی&oldid=1267700»
پۆلەکان:
پۆلە شاردراوەکان:

[8]ページ先頭

©2009-2025 Movatter.jp